ته‌ندروستی تۆ : وەرزی گیای دەرمانەكان هاتەوە

سروشتی كوردستان

لێرە بەدواوە سەرماو سۆڵە بەسەر دەچێت و پێ دەنێینە وەرزی بەهاری ڕەنگین جا لەگەڵ هاتنی ئەو وەرزە خۆش و دڵفڕێنەدا چەندین گیای خۆڕسكی وەك كەنگرو تۆلكەو كاردی و دۆمبەڵان و هی دیكە لە ناخی زەویدا پەیدا دەبن و جۆرە خۆشیەك بە مرۆڤ دەبەخشن كە هەموو ئەوانە دەبنە خۆراكی ڕۆژانەی هەموو ماڵەكان و ئیدی بە درێژایی ئەو وەرزە لە كۆڵ خواردنی چەورو قورس و گران دەبینەوە.
خەڵكی هەر لە كۆنەوە تاكو ئێستا لە وەرزی بەهاردا بە پلەی یەكەم پشتیان بەو خۆراكە بەهارییانە بەستووەو لە ماوەی ئەو وەرزەدا تێرو پڕیان لێ خواردووەو كۆڵ دڵیان پێ مراندوە، جگە لە خواردنیش نوژدارەكان دەڵێن: ئەو گیا بەهاریانە سەرچاوەیەكی باشن بۆ چارەسەری زۆرێك لە نەخۆشییە سەخت و دژوارەكانی سەردەم، چونكە زاناكان لە كۆن و ئێستادا جۆرەها داو و دەرمانیان لەو گیایە سروشتیانە دەرهێناوەو چارەسەری زۆرێك لە دەردو نەخۆشییە سەخت و دژوارەكانیان پێ كردووە، بە تایبەتی ئەوانەی شارەزاییەكی باشیان لەو جۆرە گیایانە هەیەو بە پێی ئەزموونی خۆیان سوودیان لێ وەرگرتوەەو داواشیان كردووە بۆ دوور كەوتنەوە لە نەخۆشی و دەستكەوتنی تەندروستییەكی باش ئەو گیایە خۆرسك و بەهاریانە وەك خواردنی سەرەكی خۆیان بەكار بهێنن و لێی جیا نەبنەوە.
ئەوەی كە زۆر بەرچاویشە خەڵكی بۆ ئەوەی لە وەرزەكانی دیكەش سوود لەو گیا بەهارییانە ببینن ڕێژەیەكی باش لەو گیایانە دەكرن و لە نێو بەفرگرەی ماڵەكانیان هەڵیدەگرن تا لە وەرزەكانی دیكە بە بەردەوامی لێی بخۆن و ئەو خواردنە بەسوودانەیان لێ دانەبڕێ.
دیارە نرخی ئەو گیایانەش لەسەرەتای دەركەوتنیان كەمێك گرانن و هەموو خەڵكەكە بۆیان ناكڕێ كە لەسەری بەردەوام بن، بەڵام دواتر نرخەكەی هەرزان دەبێت، تەنیا دۆمبەڵان نەبێ كە هەردەم نرخەكەی لەبەرزیدایەو كەم خێزان هەیە بتوانێ بیكڕێ و تێر بە زگی خۆی لێی بخوات، كوردەواری خۆمانیش زۆر باشیان گوتوە كە دەڵێن (كەنگرو ماست بە وادەی خۆی) بۆیە هەموو خەڵكی بە تێكرا سوود لەو گیا بەهارییانە دەبینن و كەیبانووی ماڵەكان بە جۆرەها شێوە لێی دەنێن.
موحەمەد سەعید كوردە – هەولێر


إرسال تعليق

أحدث أقدم