گەلەئەستێرەیەکی نوێ وێنای فەلەکناسەکان بۆ ڕەفتاری گەلەئەستێرەکان ژێراوژووردەکاتەوە

 YAD

دەستەیەک فەلەکناس توێژینەوەیەکی سەرسامکەریان لەسەر گەلەئەستێرەی (XMM-2599)، کە بەمدواییانە ناسراوە، ئەنجامداوە و بووەتە ئاڵەنگارییەک بۆ هەموو ئەو تیۆرە زانستییانەی لەسەر گەردوونی دوای تەقینەوە گەورەکە هەبووە.


باوەڕ وایە گەلەئەستێرەکە ئەو کاتە هاتبێتەبوون کە تەمەنی گەردوون لە یەک ملیار ساڵ کەمتر بووبێت و نزیکەی ١٢ ملیار ساڵی ڕووناکی لە سیستمی خۆرەکەمانەوە دوورە.

بەپێی توێژینەوەکە، کە لە جۆرناڵی (Astrophysical Journal Letters) بڵاوکراوەتەوە، لەو کاتەی گەردوون بەرەو ئەوە دەچوو بگاتە سالڕۆژی دووەم ملیاریی خۆی، ژمارەی ئەو ئەستێرانەی گەلەئەسێترەکە دەریدابوون گەیشتە ٣٠٠ ملیار ئەستێرە و لەپڕیش بەبێ ئەوەی بزانرێت بۆچی، وەستاوە.

بێن فۆرێست، سەرنووسەری توێژینەوەکە، دەڵێت، "تەنانەت پێش ئەوەی گەردونیش ببێتە ٢ ملیار ساڵ، گەلەئەستێرەی XMM-2599 تۆپەڵێک لە ٣٠٠ ملیار خۆری دەرداوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە گەلەئەستێرەیەکی زۆر زەبەلاح".

ڕوونیشی کردەوە، "ئەوەی زیاتر جێی سەرنجە ئەوەیە ئەوەمان پیشانداوە کە کاتێک تەمەنی گەردوون لە یەک ملیار ساڵ کەمتر بووە، گەلەئەستێرەکە زۆرینەی ئەستێرە و خۆرەکانی لە بێسەروبەرەییدا فڕێداوەتەوە، پاشان کاتێک گەردوون بووە ١.٨ ملیار ساڵ، ئەستێرەکە لە چالاکی کەوتووە".

دکتۆر جیلیان ویڵسن، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە، وتی، "ژیانی خێرا و جوانەمەرگبوون"ـی گەلەئەستێرەکە شتێکی نامۆ بووە، بووەتە ئاڵەنگارییەکیش بۆ هەموو وێناکانی پێشوو بۆ سووڕی ژیانی گەلەکەسییەکان. وتیشی، "ئەوەی لەم گەلەئەستێرەیەدا سەرنجڕاکێش و نائاسایی و سەرسوڕهێنەرە ئەوەیە چیتر ئەستێرە بەرهەمناهێنێت، ڕەنگە سووتەمەنی پێنەدرێت یان کونەڕەشەکەی پێکرابێت. ئەنجامەکانمان دەخوازێت وێناکردنمان بۆ بەرهەمهێنانی ئەستێرە لە گەلەئەستێرە نوێکاندا بگۆڕین".

دکتۆر دانیلۆ مارچێزینی، کە یەکێکی دیکەیە لە نووسەرانی توێژینەوەکە، وردەکاری زیاتر و ڕوونکردنەوەی لەسەر پرسی مردن و قەبارەی گەلەئەستێرەکاندا داوە و وتوویەتی، "بەگشتی، ئەو گەلەئەستێرانەی کە نوێن، دەبێت بارستاییان کەمتر بێت، چونکە وێنای ئێستامان بۆ دروستبوونی گەلەئەستێرەکان هەڕەمییە، پێشبینی دەکرێت گەلەئەستێرەی بچووک و کەمبارستە سەرەتا دروست ببن، پاشان یەکدەگرن و گەورەتر دەبن و تا دەبنە گەلەئەستێرەیەکی زەبەلاح لە دواتردا"، بەڵام گەلەئەستێرەی XMM-2599 بووەتە ئاڵەنگارییەک بۆ ئەم وێناکردنە.

زانایان پێیان وایە گەلەئەستێرەی XMM-2599 ساڵانە ١٠٠٠ ئەستێرەی دەرداوە. جیاواز لە گەلەئەستێرەی ڕێگای شیریی خۆمان، کە ساڵانە تەنها یەک ئەسێرە دەهێنێتەدی. گەلەئەستێرەکەی توێژینەوەی لەسەرکراوە، نزیکەی ٣١٠ ملیار جار لە خۆرەکەمان گەورەترە، لەکاتێکدا گەلەئەستێرەی ڕێگای شیری ١٠٠ ملیار جار لە خۆرەکەمان گەورەترە، خۆریش بەشێکە لەو گەلەئەستێرەیە.

بە وتەی دکتۆر ویڵسن، گەلەئەستێرەکە دونیایەک پرسیاری بێوەڵامی وروژاندووە. "ئێمە ئەستێرەکەمان لە دۆخی ناچالاکیدا بەرچاوکەوت. نازانین لە کاتی ئێستا چی بەسەر هاتووە. بەڵام دەزانین کە ناتوانێت بارستاییەکەی کەم ببێتەوە".

إرسال تعليق

أحدث أقدم