نهێنی سپی پۆشینی پزیشکەکان چییە؟

 YAD

ڕەنگی سپی پۆشاكی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بووەتە سیمبولێك، كەواتە نهێنی ئەو ڕەنگە چییە؟.
تا نیوەی سەدەی نۆزدەش پزیشك و كارمەندانی كەرتی تەندروستی هیچ پۆشاكێكی تایبەتیان نەدەپۆشی لە كاتی كاركردنیان لە نەخۆشخانە و كلینكەكاندا، بەڵام نەشتەرگەرەكان لەكاتی پرۆسەی نەشتەرگەرییدا، بەروانكە و دەستكێشی درێژ و تەسكیان بەكاردەهێنا بۆ ئەوەی لەشیان و جلوبەرگەكانیان خوێناوی نەبێت.
یەكەمین كەس كە بیری لە گرنگیی ڕەنگی سپی كردەوە بۆ ئەوەی پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی بیپۆشن پزیشكێكی ئینگلیزیی بوو بە ناوی (جۆزیف لیستەر)ەوە كە یەكێك لە داهێنەرانی زانستیی پاكژكاریی بوو لە پرۆسەكانی نەشتەرگەریی و هۆڵەكانی نەشتەرگەرییدا و لەم بوارەدا چەندین تیۆری هەیە.
لیستەر لەو بڕوایەدا بوو كە پۆشاكیی سپی تایبەتمەندیی پاكژكەرەوەی هەیە و دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر هۆكاری نەخۆشییەكاندا و یارمەتیی پزیشكەكانیش دەدات لەوەی كە بە ئاسودەیی مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەكاندا بكەن بێ ئەوەی ترسی ئەوەیان هەبێت كە ببنە سەرچاوەیەك بۆ گوێزانەوەی میكرۆب و نەخۆشییەكان، ئەم تیۆرییەش لە لایەن ژمارەیەكی زۆری پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بەریتانییەوە پەسەند كرا.
دوای كۆچی دوایی لیستەریش بە (٦) ساڵ و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانیی لە ئەوروپا ، تیۆرەكەی ئەو پزیشكە دەربارەی ڕەنگی سپی پۆشاكی پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی بووە شتێكی كردەیی و زۆربەی هەرە زۆری ئەو كەسانەی لەو كاتەدا نەخۆشەكانیان چارەسەردەكرد ئەو پۆشاكە سپییەیان دەپۆشی.
دوای ئەوەش بە چەند ساڵێك پۆشینی ڕەنگیی سپی بووبە نەریتێك لای پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی چەندین وڵاتی جیهان، لەو كاتەدا بەرگی نەشتەرگەرەكان سپی و پاك بوو و كەمی پەڵەی خوێنیش لە سەر بەرگەكان نیشانەیەك بوو بۆ كارامەیی ئەو پزیشكە نەشتەرگەرە.
زانایانی دەروونناسیش لەو بڕوایەدان كە ڕەنگی سپی پۆشاكی پزیشكەكان كاریگەریی ئەرێنی هەیە لەسەر حاڵەتی دەروونیی نەخۆشەكان و متمانەیان بە پزیشكەكان زیاتر دەكات و هەستێكی ئەرێنیان لەلا درووستدەکات، لە بەرامبەریشدا هێزێكی زیاتر دەبەخشێت بە پزیشكەكان لە مامەڵەكردن لە گەڵ نەخۆشەكان و وایان لێدەكات زیاتر سەرنج بدەن و باشتر لە دۆخی نەخۆشەكە ئاگادار بن.
سەرچاوە؛ RT

إرسال تعليق

أحدث أقدم