چۆن یادەوەرییەکی بەهێزمان هەبێت؟

 YAD

هەموومان زۆر و کەم حەز دەکەین کە یادەوەرییەکی بەهێزمان هەبێ، جا چ بۆ پاراستن و گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتانە بێت کە بەسەرمان دێن، چ بۆ دەرس و خوێندن و نمرەی بەرز، یان بۆ ئەوەی کاتێک ناسیاوێک دەبینین دووچاری دۆخێکی ناخۆش نەیەین بەوەی کە ناوەکەیمان لەبیر بچێتەوە.
لێرەدا چەند رێگایەک باس دەکەین کە یارمەتیمان دەدات تاوەکوو یادەوەرییەکی بەهێزترمان هەبێت:
1.  کەمخواردنی شەکری سپی:

شەکری سپی، دەشتوانین بڵێین ژەهری سپی، لە چەندین رووەوە زیانی هەیە بەجۆرێک هەر لە تەوقی سەرمانەوە تاوەکوو بنی پێمان کاریگەرە پێی، بۆ نموونە، ئەو کەسانەی کە زیاتر خواردن و خواردنەوەی شەکردار بەکار دەهێنن، قەبارەی مێشکیان بەشێوەیەکی گشتی بچووکترە بەراورد بە کەسانی دیکە، بەتایبەت قەبارەی ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە یادەوەری کورتخایەن، هەر ئەوەشە وا دەکات کە خواردنی شەکری سپی و خواردنە شەکردارەکان ببێتە هۆی لاوازبوونی یادەوەری.

2. تێرخەوتن:
هەرچەندە تاوەکوو ئێستا بەروونی نازانرێت کە رۆڵ و کاریگەرییەکانی خەوتن چییە لە لەشی زیندەوەراندا، بەڵام لە چەندین توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە کەمخەوتن دەبێتە هۆی لاوازبوونی یادەوەریی مرۆڤ، چونکە یەکێک لەو رووداوانەی کە لە مێشکی مرۆڤدا روودەدا لە کاتی خەوتن، رێکخستنەوەی ئەو زانیاری و یادەوەرییە کورتخایەنانەیە کە لە ماوەی پێش خەوتنەکەدا هاتوونە ناو مێشکەوە. بۆنموونە، توێژینەوە دەریخستووە کە ئەو خوێندکارانەی دوای کردنی ئەرکەکانیان دەخەون، بەڕێژەی 20% زیادتر بەراورد بە خوێندکارانی دیکە ئەرکەکانیان لەبیر دەمێنێت.
3. کەمخواردنەوەی خواردنەوە کهولییەکان:

ماوە ماوە دانیشتن و خواردنەوەی کهول لەرووی تەندرووستیەوە هیچ زیانێکی نییە، بەڵام کاتێک ئەو کارە بەردەوام دەبێت و دەبێتە خوو، کاریگەری نەرێنی ده‌بێ لەسەر مێشکی مرۆڤ، یەکێکیش لەم کاریگەرییانە بریتییە لە لاوازبوونی یادەوەری.

4.  ئاگاداری رێژەی ڤیتامین دی بە:

خەڵکی کوردستان، بەهۆی رەنگی تاریکی پێستیان و جۆری ئەو خۆراکانەی دەیخۆن، بەشێوەیەکی گشتی ڤیتامین-دی لە لەشیاندا کەمە، کە ئەوە دۆخێکە چەندین نەخۆشی و باری نائاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، یەکێکیش لەو بارانە بریتییە لە لاوازی یادەوەری، بۆیە زۆر گرینگە بەردەوام چاودێری خەستی ڤیتامین دی بکەین و بزانین کە چۆن دەتوانین ئەو ڤیتامینەمان دەستبکەوێت.

إرسال تعليق

أحدث أقدم