پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست لە نەخۆشخانەی ڤاریلاندی ئەمریکی چەند هۆکارێکی سەرەکی باسدەکات کە دەبنەهۆی خوران و هەستیاری ریشی پیاوان.
د. ئالۆک ڤیج، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە نەخۆشخانەی ڤاریلاندی ئەمریکی دەڵێت هۆکارەکانی وەکو وشکی پێست، گەشەکردنی مووەکان، هەوکردن، ئەسپێ و مشەخۆرەکان هۆکارن بۆ خوران و هەستیاری ریشی پیاوان.
پسپۆڕەکەی پێست لە نەخۆشخانەی ڤاریلاند دەربارەی هۆکارەکانی هەوکردن دەڵێت: ''زۆربەی هەوکردنەکانی ریش بەهۆی بەکتریا یاخود کەڕووەکانەوە دەبێت، کاتێک ریش بەخاوێنی راناگیرێت دەبێتە شوێنێکی سەرەکی بۆ هۆکاری نەخۆشییەکان.''
پسپۆڕە ئەمریکییەکە دەربارەی نەخۆشییە گوازراوەکانی ریش دەڵێت: ''سایکۆسس (sycosis) نەخۆشییەکی گوازراوەیە کە تووشی خانەکانی سەلکی مووی ریش دەبێت، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە لەڕێگەی بەرکەوتن و بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی تووشبوو بەتایبەت لە سەرتاشخانەکان دەگوازرێتەوە.''
سەبارەت بە چارەسەر و رێگریکردن لە خورانی ریش، ڤیج دەڵێت: ''بەکارهێنانی شامپۆی تایبەت و پاکوخاوێن راگرتنی ریش دوو بنەمای سەرەکین بۆ تەندروست هێشتنەوەی ریش و رێگریکردن لە تووشبوون بە هەوکردنەکان.''