بۆچی تەلەسكۆپی جێمس وێب وێنەیەكی هەسارەی زەویمان بۆ ناگرێت ؟


 ئەمە ئەو پرسیارەیە هەندێك جار‌ ئاڕاستەم كراوەو لەم ڕۆژانەش لە یەك دوو گروپی زانستی گشتی بینیم چەند كەسێك هەمان پرسیاریان ورژاندوە، ئەوان بۆیە ورژاندویانە گوایە لەبەر ئەوەیە لەوانەیە زەوی تەخت بێت بۆیە ناسا نایەوێت وێنەیەكی زەوی لەو دورەوە بڵاو بكاتەوە.

لەم نووسینە كورتە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە ...

بۆ ئەوە دەبێت هەندێك باسی تەلەسكۆپی جێمس وێب بكەم، پێشتریش ووتوومە لەبەر ئەوەی جێمس تەلەسكۆپێكی چاودێریكەری تیشكەكانی خوار سورەو وێنەكانی لەڕێگەی كۆكردنەوەو چاودێریكردنی تیشكی خوار سور دەچركێنێت بۆیە بۆ ئەوەی كاربكات و وێنەی ڕوون و ورد بگرێت دەبێت هەموو پارچەكانی بەبەردەوامی پلەی گەرمیان (230) پلەی سەدی لەژێر سفر بێت، هەر بۆیەش دوای هەڵدان و جێگیركردنی دەبووایە چەند مانگێك بوەستین تا سارد بێتەوەو كاربكات و بەهۆی زرێپۆشێكی گەرمیش بەردەوام پارێزراوە لە تیشك و گەرمی خۆر، واتە بۆ ئەوەی كاربكات دەبێت زۆر زۆر سارد بێت، هەر بۆیەش لە شوێنێك جێگیركراوە كە پێی دەووترێت خاڵی لاگرانج (L2)، ئەویش ئەو خاڵەیە كە (1.5) ملیۆن كیلۆمەتر دورە لێمانەوەو لەنێو كۆمەڵەی خۆرە كە هێزی كێشكردنی خۆر لەو شوێنە لەگەڵ هێزی كێشكردنی زەوی و مانگ هاوسەنگە كاتێك هەرسێ تەن لەیەك لا یان یەك دیوی ئەو خاڵەن، لەو شوێنە جێمس وێب بەردەوام پشتی لەخۆرو زەوی و مانگ دەبێت، ئەو سێ تەنە ئاسمانیە سەرچاوەی بڕێكی زۆری گەرمی و تیشكی خوار سورن بۆیە دەبێت پشتی لێیان بێت بەتایبەتی خۆر، ئەگەر ڕووی وەربگێڕێت بۆ نموونە هەوڵی وێنەگرتنی هەسارەی زەوی بدات ئەوا ڕووی دەكەوێتە نەوەك تەنیا زەوی و مانگ بەڵكو خۆریش، بۆیە لەو دۆخە خۆر یەكسەر پلەی گەرمی هەموو ئامێرەكانی و بەشەكانی بەرز دەكاتەوەو توانای وێنەگرتنی هیچ وێنەیەكی ڕوون و وردی نابێت، نەوەك هەر ئەوە بەڵكو ئەگەر ڕووی لەخۆر بێت لەو دۆخە هەر ناتوانێت كاریش بكات لەبەر زۆر سەرچاوەی گەرمی و تیشكی خوار سوری خۆر.

بەڵام بۆ ئەوانەی دەیانەوێت وێنەی زەوی و شێوە گۆییەكەی ڕۆژانەو بەردەوام و بەشێوەیەكی زیندوو لە هەمان دوری ببینن، بەڵام لە خاڵی لاگرانج (L1) كە بەهەمان شێوە وەك جێمس وێب (1.5) ملیۆن كیلۆمەتر لە زەویەوە دورە ئەوا مانگێكی دەستكردی تری ناسا هەیە بەناوی (DSCOVR) یان بە وردی Deep.Space.Climate.Observatory لەو خاڵە كاری بەردەوام و ڕۆژانەی ئەم مانگە دەستكردە ئەوەیە وێنەی ڕاستەوخۆی هەسارەی زەوی بنێرێتەوە بەمەبەستی چاودێریكردنی كەش و هەواو پانتاییە ووشكایی و زەریاكانی سەر هەسارەكەمان، بەستەری سایتی ئەم مانگە دەستكردەم لە كۆمێنت داناوە دەتوانن وێنەكان لەوێ ببینن، لە وێنەكانیش دیارە هەسارەی زەوی وەكو هەڵماتێكی شینە.

(لوقمان حەوێز)

إرسال تعليق

أحدث أقدم